زایەڵە ـ بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. دوای کۆبوونەوەکەش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
عائید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکات، کە تیایدا بە ئەگەری زۆرەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی سوننەیە یەکلایی دەکرێتەوە.
دەشڵێت، دوای کۆبوونەوەکەی سەرکردە شیعەکان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
وتیشی، ئەگەری زۆرە سالم مەتەر عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵببژێردرێت.
کامەران کەریم